بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا دووپات لە پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە لەپێناو کاراترکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی لەناوچەکەدا.
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و سەرۆک بافڵ پەرۆشی یەکێتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە سووریا تەئکیدکردەوە و رایگەیاند پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بە تایبەت کورد و بەشداربوونیان لە بڕیار و بنیادنانەوەی سووریای نوێ زامنی سەقامگیری دەبێت، هەر هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە ئەرکی هەموولایەکە پشتگیری پاراستنی ناوچەکەو سەرخستنی هەوڵەکان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانیی لەوبارەیەوە.