/   کوردستان
جێگری سهرۆكی ههرێم: سوپایهكی پێشمهرگهی پڕ چهكمان بۆ پارێزگاری دهوێت
2025-02-12
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی کوردستانی نوێ, تیشكی خستەسەر پرسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی هاوپەیمانان، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، پرسی مووچە، پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
*دۆسیەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە كوێ گەیشت؟ هۆكار چییە دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر هەمان پرس دەكرێت؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:"لەڕاستیدا ئێمە ئێستا هەرێمێكمان هەیە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانمان هەیە، ئێستا پێویستمان بە سوپایەكی پێشمەرگەی پڕ مەشق و پڕچەك هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە دەستكەوتەكانمان بكات و رووبەڕووی ئەو هەڕەشە دەرەكییانە ببێتەوە كە روو لە هەرێمەكەمان دەكات، ئێمە ئێستا لە شاخ نین، راستە ئەو دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، دەستكەوتی خەبات و تێكۆشان و پێشمەرگەی ئەو حزبانەیە كە لە شاخ هێزیان هەبووە، خاوەنی شەهید و بریندار و كەمئەندامی سەنگەرن و قوربانییان داوە و فیداكارییان كردووە، تا ئەم دەستكەوتانە بەدیهاتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە هێزی حزب نییە، پێویستمان بە هێزێكی نیشتمانی هەیە كە ئامادەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكان، نابێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەكان هەبێت، ئەو هێزەی كە پێشمەرگەیە دەبێت ئامادەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەندێك هێزی دیكە لە وەزارەتی ناوخۆ، هێزی دیكەش لە ئاسایشی گشتی.
واتە نابێت هیچ هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەكان هەبێت، راستە پێش شەڕی ناوخۆ وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتێكی كارابوو، هەموو هێزی پێشمەرگە یەكخران و هیچ هێزێك نەما لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە شەڕی ناوخۆ بوو بەهۆی ئەوەی جارێكی دیكە لێكترازان رووبداتەوە و بەوهۆیەوە بێ متمانەییش دروستبوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە هەوڵی جددی لەئارادایە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، لەسەرەتادا چوار وڵاتی گەورە هەوڵەكانیان چڕكردەوە كە پێشنیازی یەكەم، پێشنیازی بەریتانییەكان بوو، بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، دواتر ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، راوێژكارەكانیان هاتنە وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵێكی باشیان دا بۆ ئەو مەبەستە. لەوكاتەدا توانرا 12 بۆ 14 لیوای پێشمەرگە، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەینەوە. ئێستاش بۆ هەمان مەبەست شەش وڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەوڵی جددی دەدەن بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، چونكە جگە لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، فەرەنسا و ئیتاڵیاش هاتوونەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە و لە رێگەی راوێژكارەكانیانەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، هەوڵی جددی دەدەن بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
راستە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە خاوی دەڕوات و كێشە و كۆسپ و گرفت زۆرن، جگە لە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان، كێشەی دیكەش هەیە، یەكێك لەوانە نەبوونی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو پرۆسەیە، كە پێویستی بەوەیە بودجەیەكی باش دابنرێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها لە ماوەی رابردوودا، یاداشتێك لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئیمزاكراوە و بەپێی ئەو یاداشتە پێویستە قۆناغ بە قۆناغ، تا كۆتایی ساڵی 2025، هەموو هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە و بخرێتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.
پرۆسەكە خاوە، بەڵام ئومێدێكی باش هەیە و هەنگاوی باشیش نراوە، لەم ماوەیەدا چەند فیرقەیەك دروستكراون و بەشێكی زۆری هێزی پێشمەرگە لە ناو ئەو فیرقانەدا رێكخراون، هەر لەم ماوەیەدا دوو فەرماندەیی ناوچە دروست دەكرێن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو فیرقانە، فەرماندەیی ناوچەی یەكەم لە هەولێر و دهۆكە، ئەوی دیكەش لە سلێمانی و كەركوك و گەرمیان و هەڵەبجە و ئەم سنوورە دەبێت.
*ئایا ئەو بێمتمانەییە ئێستاش ماوە؟ یان بەپێچەوانەوە ئێستا متمانە هەیە؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:"ئێستاش كێشە و گرفت و تەنانەت هەندێك رێگریش هەیە، رەنگە كەسانێك هەبن بەرژەوەندیی تایبەتی لەوەدا بێت هێزی پێشمەرگە یەكنەگرێتەوە، تەنانەت دەستتێوەردانی دەرەكییش هەیە، كۆسپ و گرفت زۆرن لە بەردەم پرۆسەكەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی كە ئیمزاكراوە و بەپێی هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاكسازیی، پێموایە لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە هێزی پێشمەرگە یەكدەخرێتەوە".
* باس لەوەدەكرێت پرسی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، داواكاریی سەرەكیی هێزەكانی هاوپەیمانانیشە، تەنانەت بەردەوامبوونی هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە پەیوەست كردووە بە سەركەوتنی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:" بەدڵنیاییەوە هێزەكانی هاوپەیمانان هەوڵی جددی دەدەن بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، وەك باسمكرد بۆ ئەو مەبەستە، شەش وڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، راوێژكاریان لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە".
* پرسی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە لە چ ئاستێكدایە؟ لە ماوەی رابردوودا ئاماژە بەوەدرا هەنگاوی باش نراوە بۆ پێكهێنانی لیوای هاوبەش بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا، ئەم پرسە بەكوێ گەیشت؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:" لەڕاستیدا چونكە من لە وەزارەتی پێشمەرگە نیم، ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكان نیم، بەڵام پەیوەندییەكانی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عیراق، پەیوەندییەكی باشە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەبدەم كە هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عیراق، نەك بەشێك لە وەزارەتی بەرگریی عیراق، بۆ دروستكردنی لیوا هاوبەشەكانیش هەنگاوی باش نراوە و هەر دوو لیوا هاوبەشەكە دروستبوون، پێموایە ئێستا سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەو ئەركانەن كە بۆیان دیاریكراوە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیی هەبوو لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكاندا".
*پرسێكی دیكەی گەرم، پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان كرد و بەپێی زانیارییەكانمان، بڕیارە بەم نزیكانە وەفدی باڵای دانوستكاری هەردوولا كۆببنەوە، دید و سەرنجتان لەسەر ئەم پرسە چییە؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:" لە ماوەی رابردوودا بۆشاییەكی یاسایی لە هەرێمی كوردستاندا دروستببوو، پەرلەمان نەمابوو، حكومەتی كاربەڕێكەرمان هەبوو، بەڵام بە هەوڵی هەموولایەك هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو كرا، ئێستاش گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتە و بۆ ئەو مەبەستەش نیەتێكی باش هەیە، لیژنەی هاوبەش پێكهێنراوە و ئەو لیژنانەش چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە، بەپێی زانیارییەكانی ئەو هەڤاڵانەش كە لە لیژنەكاندان، لیژنەی هاوبەش كاری خۆی تەواوكردووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی وەفدی باڵای دانوستانكار كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن.
من ئومێدم هەیە بگەینە دەرئەنجامێكی باش، چونكە خواستی خەڵكیشە و خەڵك چاوەڕێی خزمەتی زیاترە لە حكومەتی هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێمیش هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، لەسەروو هەموویانەوە پرسی مووچە و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاریی. هەروەها پێویستە ئەولەویەتی سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكومەت، حزب و لایەنە سیاسییەكان، گرنگیدان بێت بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانیان".
* پرسی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدایە رۆژانە مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەكان لە سلێمانی و ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ناڕەزایی دەردەبڕن و خۆپیشاندان دەكەن، كەواتە پێویستە ئەولەویەتی كابینەی نوێی حكومەت لە چ بوارێكدا بێت؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:" پێویستە كابینەی دەیەم پێش هەموو شتێك ئەو كەموكوڕییانە دەستنیشان بكات كە لە كابینەی نۆیەم و كابینەكانی پێشوودا هەبووە، چارەسەری پێویستیان بكات، پێموایە هەموو گرفتەكان پەیوەست نین تەنها بە كابینەی نۆ و حكومەتی هەرێمەوە، بەڵكو بەشێك لەو كەموكوڕی و گرفتانە، پەیوەستن بە حكومەتی عیراقیشەوە، بەڵام پێویستە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم ئەولەویەت بدات بە ژیان و گوزەران و پێویستییەكانی خەڵك، ئاشتكردنەوە و رازیكردنی خەڵك و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی".
* پرسی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەجۆرێكە تائێستاش هەندێكجار یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكانەوە، بەڕای ئێوە تا چەند هەردوولا پێویستیان بە پەیوەندییەكی ئاسایی و پتەوە؟
- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:" لەڕاستیدا ئێمە بەدەستی خۆمان، هەموو شتەكانمان خستە ژێر دەستی بەغداوە، هەموو ئەو كێشانەی لەناوخۆی هەرێمدا هەمانبوو، دەمانتوانی زۆر بەئاسانی لەسەر مێزی دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەریان بكەین، دەمانتوانی خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین و ناڕەزایی خەڵك نەگاتە ئەو ئاستەی ئێستا، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم پەیوەندییەكی ئاسایی بن و نابێت بەهیچ جۆرێك كۆمەڵانی خەڵك باجی ململانێكانی نێوان هەردوولا بدەن".