/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبای لە یەکێتی نوسەرانی کورد دەکات

2025-02-10
 
لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پیرۆزباییەکی گەرم لە مەڵبەندی گشتی یەکێتیی نووسەرانی کورد و گشت نوسەر و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە بەرەوپێشچوون و دەوڵەمەندکردنی زمانی دایک و پاراستنی فەرهەنگ و کلتووری کوردی.
یەکێتی نووسەرانی کورد لە کاتێکدا دامەزرا، کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ئاست مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان لە هەوڵ و تێکۆشانی خەباتی سیاسیی دابوو، لەوسادا دامەزراندنی ئەم یەکێتییە وەرچەخانێکی زێڕین بوو بۆ شۆرش و خەباتی گەلی کوردستان، هەم خزمەتێکی بەرچاو بوو  بۆ پاراستنی زمان و بەرەوپێشچوونی ئەدەبیات و کلتوور و شوناسی کورد.
وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، هیواخوازم لە ئێستاشدا مەڵبەندی یەکێتی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتیمانپەروەریی و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون، لەپێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کلتوری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی نوێی کوردی.
لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ گشت ئەو شەهیدانەی کە لە ڕێگای قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیانەوە خزمەتیان کرد و گیانیان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٢/١٠

زیاتر بخوێنەوە