/   کوردستان

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بینای نوێی لقی سلێمانی یەکێتی مافپەروەران دەکاتەوە

2025-02-01
جێگری سەرۆکی هەرێم بارەگای نوێی لقی سلێمانی یەکێتیی مافپەروەران دەکاتەوە

ئەمڕۆ شەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٥، لە رێوڕەسمێکدا بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بارەگای نوێی لقی سلێمانی یەکێتی مافپەروەرانی کوردستانی کردەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە دادوەری باڵا و سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی لقی سلێمانی یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان و ژمارەیەک لە پارێزەران و مافپەروەران ئامادەبوون، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامان و کارمەندانی یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان/ لقی سلێمانی کرد و هەموو پاڵپشتیەکی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی یەکێتیەکە دووپاتکردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

دواتر جەختیی کردەوە کە دەبێت بە بەرنامەیەکی جوان و لە چوارچێوەی یاسا کار بکرێت بۆ ئەوەی کۆنگرەی یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستانی لقی سلێمانی ببەسترێت، لەپێناو بەرەوپێشچوونی زیاتر و ڕێزگرتن لە سەروەربوونی یاسا و نووێبوونەوەی  ڕێکخراوی یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.

یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٨٩ لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جلال لە شاخ دروست بووە، پاشان لە دوای ڕاپەڕین دەستەی باڵا و لقەکانی دووبارە بنیات نرایەوە، لە ئیستادا جگە لە دەستەی باڵا، پێنج لقی هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتوون لە لقەکانی  هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە.

زیاتر بخوێنەوە