مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ، بەتایبەتی جوتیارانی کورد و تورکمان دەکات کە دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە داگیرکردنی زەویوزاریان لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا، ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگدان لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە، مافی بۆ گەڕاندنەوە و وەکو خاوەنی رەسەنی ئەو موڵک و خاکە ئینسافی کردن.
بەم بۆنەشەوە دەستخۆشی لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنەکانی دەنگیان لەسەر ئەم یاسایە دا دەکەین کە بەو پەڕی بەرپرسیاریی و گیانی نیشتمانییەوە لەگەڵ ئەم دۆسێ هەستیارەی مافی هاونیشتمانیانی وڵاتەکەماندا هەڵسوکەوتیان کرد. هەر وەک پیرۆزبایی و دەستخۆشیش لە یەکدەستی فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش کۆششی فراکسیۆنی سەوز و تیمی یەکێتی لە بەغدا دەکەین کە هەوڵی بێوچانیان بۆ کۆدەنگی لەسەر ئەم پرسە خستەگەڕ.
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی زەوتکردنی زەویزاری خەڵک لە کەرکوک و هەر شوێنێکی تری ناوچە دابڕاوەکان چەسپاندنی دادپەروەری و سەلماندنی مافی خەڵکە کە سەرەنجام ژینگەی پێکەوەژیانی هاوڵاتیان و رێگای ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان لە عیراقی نوێ ئاوەدانتر دەکات.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢١-١-٢٠٢٥