ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٥/١/١٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی له بەڕێز ئەندرانیک هاروتیونیان، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا و کاربەڕێکەری کونسوڵگەری ئەرمینیا کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ههرێمی كوردستانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە بەڕێز ئەندرانیک هاروتیونیان کرد، لە بەرامبەر ئەرک و هەوڵەکانی لەپێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ووڵاتی ئەرمینیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری کونسولی گشتیی ئەرمینیا، سوپاسی هاوكاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە بەردەوامبوون و برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.