/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆک کۆماری عیراق لەبەغدا کۆبوونەوە

2025-01-10
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێز د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عیراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا و داواشکرا چیتر ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێ و ناکۆکییەکان نەکرێت. 
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی گرنگی سەقامگیری سووریا و ناوچەکە کرا و سەرۆک بافڵ رایگەیاند کە پێویستە مافی هەموو لایەنێک لە سووریا پارێزراوبێت بە تایبەت گەلی کورد. بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەش گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگ و هاریکار بین. 
 
لە کۆتاییدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە پێویستە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا هەماهەنگ بن لە گفتووگۆی بنیادنەرانە بۆ سەقامگیری ناوچەکە لەگەڵ پابەندبوون بە دەستووری عیراق.
 

زیاتر بخوێنەوە