/   ی.ن.ک

سەرۆکی یەکێتی لەسلێمانی پێشوازی لەسەرۆکی رەوتی حیکمە کرد

2025-01-07
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد و رایگەیاند، "هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەكان بەردەوامین".
 
نووسینگەى راگەیاندنى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
 
روونیشکراوەتەوە، لەدیدارێکدا كە رەفعەت عەبدوڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.
 
هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا هەردوولا بەپەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و  بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان.
 
روونیشکراوەتەوە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێکی دیکەى دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموو لایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو  پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
 
لە راگەیەندراوەکەى سەرۆکى یەکێتیدا ئەوەش هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی نیشتمانیی یەکێتیی خستەڕوو و رایگەیاند، "هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە، لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین".
 
‎ جەخت لەوەشکراوەتەوە، پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرۆکى یەکێتى گوتوویەتى "چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە".
 
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 7ـى 1ـى 2025، عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى بە سەردانێک گەیشتە شارى سلێمانى و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى پێشوازی لێکرا، دواتر چووە مەزارى مام جەلال و دواى ئەوەش لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کۆبووەوە.
 
بڕیارە هەر لە سەردانەکەیدا، عەممار حەکیم لەگەڵ ژمارەیەکى دیکە سەرکردەى سیاسیى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە.
 

زیاتر بخوێنەوە