/   کوردستان

پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینییەوە

2024-12-31
پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆک بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینیەوە
 
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەی زایینیەوە (٢٠٢٥)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کورستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانیانی ئازیز دەکەم، هیوای ساڵێکی خۆشگوزەران و پڕ لە کامەرانیی و سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستان دەخوازم.
 
لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، کە ناوچەکە بەگشتی بە دۆخێكى ئاڵۆز و ناهەمواردا تێده‌په‌ڕ دەبێت، بێگومان ڕووداو و پێهشاته‌كانیش کەم تا زۆر كاريگه‌رييان دەبێت له‌سه‌ر هه‌رێمەکەمان، بۆیە گرنگە یەکڕیزیی و یەکدەنگی گشت لایە سیاسییەکان بکەین بە خاڵی بەهێزبوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەرێک، هەروەها گرنگە ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بکەین بە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان.
 
هیوادارم هاتنی ساڵی نوێ ببێت بە دەستپێکی بەیەکەوە کارکردن، لەپێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان، هەروەها ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی و چەسپاندنی دادپەروەریی و گەشەسەندنی ئابووریی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ هەموو لایەک، ئومێدەوارم لە ساڵی نوێدا بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمان.
 
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١٢/٣١

زیاتر بخوێنەوە