/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی: جەختدەکەینەوە لەپێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی و خزمەتگوزارو دادپەروەر

2024-12-21
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق کرد.
 
لەکۆبوونەوەیەکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی لەپاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکان بەرزنرخاندو رایگەیاند، یەکێتی بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوە دەڕوانێت و بەدڵنیاییەوە هاوکار و پشتیوان دەبێت لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.
 
دۆخی گشتیی عیراق و پێشهاتەکانی سوریا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون و هەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوە. داواشیانکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگریی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عیراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.
 
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان تاووتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، جەخت لەهەڵوێستەکانی رابردوومان دەکەینەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر، حکومەتێک دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات و هەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داهاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت.
 
لەبارەی پرسی مووچەشەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لەنوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هاوشانی لایەنە سیاسییەکان، هاوکار و پشتیوانبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەکارنەهێنانی شایستەداراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.
 
 
 

زیاتر بخوێنەوە