/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ تیمێکی سەربازیی هێزی ئیتالیا کۆبووەوە

2024-12-18
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/١٢/١٨، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سه‌رۆکی ‏هه‌رێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز کابتن نیکۆلۆ ڤینێلا، بەرپرسی هێزی تایبەتی ئیتالیا بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و شاندێکی یاوەری کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆک پەیوەندییەکانی ئیتاڵیای لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاریكارییە سەربازییەکانی ئیتاڵیای لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان، دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئیتالیای دژ بە داعشی لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند.
 
لای خۆیانەوە شاندە سەربازییەکە، جەختیان لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە، لەپێناو بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە، هەروەها بەردەوامبوونیان لە مەشق و ڕاهێنانەکان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە