/   کوردستان
پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان
2024-12-17
ئاڵای کوردستان ناسنامەی نەتەوەیی و هەبوونی گەلی کورد و سیمبولی گیانفیداییە، قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر ئاڵای کوردستان بنیاتنراوە، ئەم ئاڵایە هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدان و ئاشتیی و ژیانەوە و دەرکەوتنی ئاسۆی نەتەوەی کوردە، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموومانە بیپارێزین بە گیانی برایەتیی و پێکەوەیی و یەکتر قبووڵکردن.
لەم بۆنە پڕ شکۆیەدا کە ڕۆژی ئاڵای کوردستانە، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانیانی ئازیز دەکەم.
هیوادارم ئەم یادە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی بیری نیشتیمانپەروەری و پاراستنی یەکڕێزیی و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان و یەک گووتاریی و یەک هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، چونکە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزیی و یەکدەنگییە بۆ بەدەستهێنانی مافه دەستوورییەکانمان لە عێراق.
درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کە لەپێناو ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستان گیانیان پێشکەش کرد.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١٧-١٢-٢٠٢٤