/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی: فەرماندە ئاکام سمبولی ئازایەتی و جوامێرێکی رێگەی ئازادی و دادپەروەری بوو

2024-12-12
ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاكام عومەر دەكەینەوە، یادی سیمبوولێكی ئازایەتی و جوامێرێكی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەكەینەوە.
 
ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد، ئەو كوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاكەكەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و كاروانی نەمرانەوە.
 
دوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بەڵێنماندا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو، بەهێزتر و گەورەتر بکەین. بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و ئێستا ئەو هێزە لەهەمووكاتێك بەهێزتر و پتەوترە. لەهەمووكات زیاتر ئامادەی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی كوردستان و یاساشكێنانە، هەموو پێشمەرگەكانی بە رۆحێكی یەكێتییانە و ئازایەتییەك كە لە شەهید ئاكامەوە فێریبوون، زیاتر ئامادەی بەخشینی خوێنی خۆیانن لەپێناو خاكی كوردستاندا. 
 
دروود بۆ رۆحی شەهید ئاكام و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.. سەربەرزی بۆ كەسوكارە خۆڕاگرەكانیان
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زیاتر بخوێنەوە