پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی شەهیدی فەرماندە ئاکام عومەردا
لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی کاکە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان سەری ڕێز و وەفا بۆ ڕۆحی پاکی دادەنەوێنم و یاد و یادەوەریەکانی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی و پیرۆزی خاکی کوردستان بەرز دەنرخێنم.
شەهید ئاکام ناوێکی دیار و درەوشاوەی ناو هێزی پێشمەرگە بوو، سادە و بە ئەمەک و بە وەفا بوو بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، تێکۆشەرێکی ئازاو بوێر بوو لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، دڵسۆز و پاک بوو لە کار و ئەرکەکانیدا، هیچ کات سڵی نەدەکردەوە لە هێرش کردن بۆ سەر مۆڵگەکانی دوژمن، سەرەڕای چەند جارێک لە برینداربوونی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان سات لەدوای سات زیاتر ڕۆحی خۆبەخشی دەدایە بەر گیان و جەستەی، لەپێناو پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستان.
بە داخەوە کاکە ئاکام لە سەرەتاکانی تەمەنی پڕ لە لاوێتیدا و لە مەیدانی پڕ لە ئازایەتیی و دڵسۆزیدا، گیانی خۆی کردە قوربانی پاراستنی شکۆی خاک و نەتەوەکەی، خوێنی ئاڵی ئەو بوو بە شانازییەکی پڕ لە مرۆڤایەتیی و هێز و وورەی نیشتیمان پارێزیمان بۆ ئێمە و هاوسەنگەرانی، لە دوای خۆی قەڵایەکی تۆکمەی بۆ پارێزگاری لە خاک و نیشتیمان بۆ جێهێشتین، ئەویش هێزی کۆماندۆی کوردستانە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ئاکام و هاوڕێیەکانیی و گشت شەهیدانی دەستی تیرۆر و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، شکۆمەندیی و سەربەرزی بۆ خانەوادە و کەسوکاری کاکە ئاکام و گشت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١٢/١٢