/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لەڕۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە

2024-12-10
کوردی | Kurdi Latini | عربي | ENG

لەچەند رۆژی رابردوودا بەوردی چاودێریی رووداوو پێشهاتەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستانمان کردو بە بایەخەوە لەگۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین.

ئێمە بە تەواوی رێز لەئیرادەی خەڵکی سوریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت.

لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان.

لەکۆتاییدا جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زیاتر بخوێنەوە