لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتی دووپاتیکردوە کە ئامانجی یەکێتی پێکهێنانی حکومەتێکە گۆڕانکاری ریشەیی لە ژیانی خەڵکدا بهێنێتەکایەوە و کۆتایی بە مەینەتییەکانیان بهێنێت و شێوازی حوکمڕانی بەرەو باشتر بگۆڕێت.
ئەو جەختکردنەوەی هەفاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و پیاو ماقوڵ و شێخانی تەریقەتی سنووری سلێمانی کە ئەمڕۆ شەممە 30ی تەشرینی دووەم، لەبارەگای ئەنجومەن، بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە هەڤاڵان جوتیار نوری و حاکم حەبیب محەممەد لێپرسراوی بازنەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی مەکتەبی رێکخستن ئامادەی بوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر ستایشی رۆڵی گرنگ و کاریگەری کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پیاو ماقوڵان و شێخانی تەریقەتی کرد لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا کە هەمیشە نەخشێکی سەنگین و میانڕەویان هەبووەو هەوێنی ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بوون.
هەروەک خۆیان و کەسوکارەکانیان، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، سووتەمەنی شۆڕش و پشتوپەنای پێشمەرگەبوون و لەپای ئەوەش دووچاری چەرمەسەریی و ئەنفال و کیمیاباران بوون، بۆیە حکومەت هەرچییان بۆ بکات هەر کەمەو پێویستە دەرگای بەرپرسان و بارەگا و فەرمانگەکان هەمیشە لەبەردەم ئەوان و تەواوی هاوڵاتیانی کوردستاندا کراوەبێت.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، دەرەنجام و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بۆیە سەرباری هەموو کەموکوڕییەکانی، دەبێت بە خوێن بەرگری لێبکەین و وەک چاومان بیپارێزین، هاوکات ئاماژەی بەهەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کردو رایگەیاند؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، خوازیارە تەواوی هێزو لایەنەکان بەشداربن لە پێکهێنانی حکومەتدا.
جەختیشیکردەوە کە ئامانجی یەکێتی پێکهێنانی حکومەتێکە کە گۆڕانکاری ریشەیی لە ژیانی خەڵکدا بهێنێتەکایەوە و کۆتایی بە مەینەتییەکانیان بهێنێت و شێوازی حوکمڕانی بەرەو باشتر بگۆڕێت، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بێت.
لە کۆتاییشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبووان، چەندین سەرنج و داواکاریی و پێشنیاریان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەنەوە وەڵامدرانەوە و بەڵێنیان پێدرا کار لەسەر داواکارییەکانیان بکرێت.