/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد لەڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق

2024-11-17
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق.
 
لە دیدارێکدا كە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەكان و هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان و عیراق بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.
 
لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتی بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان و یەكخستنی توانا هەواڵگری و سەربازییەكان دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە هەموو هەوڵەكان لەچوارچێوەی پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە بێت، هیچ بوارێك بۆ تیرۆریستان نەهێڵرێتەوە و هیچ بۆشاییەكی ئەمنی نەمێنێت. 
 
سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو فەرماندەیەكی ئازای پێشمەرگە، ئەفسەرێك و سەربازێکی سوپای عێراق شەهیدبوون و چەند سەربازێکی دیکەش بریندارن. بۆیە ئەركی هەموولایەكە مەترسییەكان لەبەرچاوبگرن و رێوشوێنی تووندتر و كاریگەرتر بگیرێتەبەر.
 

زیاتر بخوێنەوە