/   کوردستان

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: سلێمانی مەڵبەندێکی گرنگ و پڕ بایەخ بووە بۆ شارستانیەت و بڵاوبوونەوەی خوێندەواریی و رۆشنبیری

2024-11-14
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەیادی ٢٤٠ ساڵەی بنيادنانى شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان...
لە یادی (٢٤٠)هەمین ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی و پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان دەکەم، کە دوو سەد و چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لەسەر دەستی ئیبراهیم سلێمان پاشای بابانەوە هاتۆتە بنیادنان.
شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای بنیادنانییەوە تاکو ئێستا مەڵبەندێکی گرنگ و پڕ بایەخ بووە بۆ شارستانیەت و بڵاوبوونەوەی خوێندەواریی و ڕۆشنبیری، کە خاوەنی سەدان کەسایەتی مێژوویی و زانا و شاعیری بەناوبانگە لەم بوارەدا، هەمیشە ناوەندێکی چالاک و پێشەنگ بووە بۆ خەباتی پڕ لە شۆڕشگێڕی و بەرەنگاربوونەوە دژ بە زوڵم و زۆرداریی و نادادپەروەری، هەروەها لە بواری خزمەتکردن بە نیشتیمان و کوردستان بەردەوام قوربانیداوە، بۆیە هەر لە دێر زەمانەوە نازناوی هەڵمەت و قوربانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، لەهەمان کاتدا هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستاشدا ئەم شارە هێمای ئاوەدانیی و سیمبولێکی جوانی ناوچەکە بووە بۆ ژیانی بەیەکەوەیی و یەکتر قبووڵ کردن.
ئومێدەوارم شاری سلێمانی لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، دوور لە ململانێی حزبی لە چوارچێوەی کاروبارە یاسایی و ئیدارییەکانی حکومەت گشت پارێزگاکان بێ جیاوازی کاریان بۆ بکرێت و جێگای ڕەزامەندی دانیشتوانەکانی بێت.
سڵاو لە خەڵکی خۆشەویست و سەنگینی شاری سلێمانی، هەمیشە ئاوەدان بێت مەڵبەندی ئازادیخوازیی و شاری ڕۆشنبیریی و پێکەوە ژیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١١/١٤

زیاتر بخوێنەوە