دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢-١١-٢٠٢٤، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لەدیبلۆماتکارانی کونسوڵخانەکە .
لە دیدارێکی نێوان هەردوولادا تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆیان لەبارەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد .
هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە سوپاسەوە بەشدارییەکی فراوانیان لە هەڵبژاردن کرد و لایەنە سیاسییەکانیان خستە ژێر بەرپرسیارییەتیەکی گەورە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا بە ئامانجی زیاتر فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئایندەیەکی پڕشنگدار بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان ووتیشی: ئەم ئەرکە بە پاراستنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و هەستکردن بە گیانی بەرپرسیاریەتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەدی دێت، بۆیە یەکڕیزی و تەبایی زامنی هێنانەکایەی ئایندەیەکی روون و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئاوەدانییە لە حکومەتی ئایندەدا، بەمەش لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندی عیراق بەهێز و یەکگرتووتر دەردەکەوین.
ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە گەل و حکومەتی بریتانیا بەچاوی بایەخ پێدانێکی گەورەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و پێگەکەی لە ناوچەکە و پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات و خوازیاری ئەوەیە کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بگەنە خاڵی هاوبەش و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ، هاوکات حکومەتی بریتانیا خوازیاری سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی کوردستانە لەسەرجەم بوارەکاندا.