/   کوردستان
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە
2024-11-06
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/١١/٦، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.
جێگری سەرۆک لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە پێویستی و گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ئاسایش بۆ ناوچەکە، پاشان سەبارەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، تیشکی خستە سەر گرنگی بەرەوپێشچوونەکانی ئەو پڕۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی یەکخستنەوەکە.
لای خۆیانەوە شاندی میوان پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامبوونی یارمەتییەکان و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە و هیوایان خواست ناوچەکە سەقامگیری و ئارامیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.