/   هەواڵی ئەنجومەن
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی رۆڵی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و هێزە ئەمنییەکان دەکات
2024-10-31
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی پارێزگاری سلێمانی کرد.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی ئامادەیبوو، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی کرد کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای ئارامیی شارەکەیە، لەپای ئەوەی لە میانەی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رۆژی پرۆسەی هەڵبژاردندا، خۆی و لیژنەکەی رۆڵیان هەبووە لە فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامیی و رێگریکردن لە هەر کارو رەفتارێک کە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بێت.
هاوکات هەڤاڵ شێخ جەعفەر، ستایشی رۆڵی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و تەواوی هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کرد کە ماندوونەناسانە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی کەشی بانگەشەو پرۆسە هەڵبژاردندا جێبەجێکردووە.