/   ی.ن.ک

کونسوڵی ژاپۆن لەهەرێم: پێویستە بەزووترین کات حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێنرێت

2024-10-24
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ٢٤-١٠-٢٠٢٤، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری ھەولێر پێشوازیکرد لە ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارێکی نێوان هەردوولادا بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی عیراق و کوردستان و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێکرا بەتایبەتیش پرسی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ، هەردوولا ئەگەر و پیشهاتەکانی دوای هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەڵەی هێز و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بەتێر و تەسەلی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ھیواشی خواست ئاستی پە‌یوە‌ندیە‌كانی نێوان ھە‌رێم و ژاپۆن لە‌ سێكتە‌رە‌ جیاوازە‌كاندا پتە‌وتربكرێت و پێشكە‌وتنی باشتر و زۆرتر بە‌خۆیە‌وە‌ ببینێت.

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە  تەئكیدی كردەوە كە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زامنی پاراستن و بەدیهێنانی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەیە كە لە دەستوری عێراقدا ئاماژەی پێكراوە.

دواتر ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پیرۆزبایی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەكەم بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان كە لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر پڕۆسەكە  بەشێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچوو لە هەرێمی كوردستان ، ووتیشی : پێویستە هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لەڕێگەی کەناڵە یاساییە دامەزراوەکانەوە چارەسەر بکەن و پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواوبکەن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە زووترین کات دواتر تە‌ئكیدی كردە‌وە‌ كە‌ ژاپۆن ‌خوازیاری سە‌قامگیری سیاسی و گە‌شە‌سە‌ندنی ئابووری و پێشكە‌وتنی زیاترە‌ لە‌ عیراق بە‌ گشتی و هە‌رێمی كوردستان بە‌تایبە‌تی، ووتیشی: ئامادە‌ی هە‌موو هە‌ماهە‌نگیە‌كی سیاسی و ئابوورین و كۆمپانیاكانی ژاپۆن خاوە‌ن ئە‌زموونێكی زۆرن لە‌سە‌رجە‌م بوارە‌كاندا.

لەكۆتایی دیدارەكەدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ستایشی ئاژانسەكانی سەر بەحكومه‌تی ژاپۆنی كرد لە هاوكاری و هەماهەنگی كردن لەگەڵ دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئاژانسی جایكا كە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە گەشەپێدانی بوارە جیاوازەكانی كارگێری بەرزكردنەوەی ئاستی توانا مرۆییەكانی كارمەندانی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان.

زیاتر بخوێنەوە