مەکتەبى سیاسى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سلێمانى بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووە و تاوتوێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى کرد، راشیگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتوویان دەبێت.
مەکتەبى سیاسیى یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وێڕای پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و بە پیرەوەچوونی بەرچاویان لە پرۆسەی دەنگدان، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە کادیرانى حیزبەکەى و بەربژێرەکانی و جەماوەرەکەی دەکات.
مەکتەبى سیاسیى یەکێتی، ئاماژەى بە دوو هێندەکردنى دەنگەکانی حیزبەکەى کردووە و ئەوەش بۆ کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانى گەڕاندووەتەوە و دەڵێت "توانییان پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی هاوسەنگی هێز بەرجەستەبکەن و راستگۆیی گوتاری راست و رەوای یەکێتییەکەیان دووپاتبکەنەوە".
مەکتەبى سیاسى یەکێتى دەشڵێت "هەر ئەم پەیامەش نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەکێتی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، مەکتەبی سیاسی، هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان کردووە و لەهەمان کاتدا دامەزراوەکانی یەکێتی راسپاردوە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق بکەن، ئەوەش بە ئامانجى ئەوەى "سەرکەوتنەکانی حیزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی گەورەتر لە عێراق پتەو و تۆکمە بکەن" بەگوێرەى ئەوەى لە راگەیەندراوەکەدا باسکراوە.