ئەمڕۆ شەممە 19_10_2024، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) لەمەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی، پێشوازیکرد لە سیروان سیوەیلی جێگری رێبەری پارتی رێبەرایەتی گەلی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی ئامادەیبوو، جێگری رێبەری پارتی رێبەرایەتی گەلی کوردستان، بەناوی سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەوە ستایشی هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەییانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەی مێژووی گەلەکەماندا ئەرکی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمدا گرتووەتەئەستۆ و دەخوازێت کۆتایی بەسەرەڕۆیی سیاسی و مەینەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بهێنێت و ژیانێکی ئازادانەی شایستیان بۆ فەراهەم بکات، هەربۆیە بەخۆشحاڵییەوە بڕیاریانداوە بێنە ریزەکانی یەکێتییەوەو بەوپەڕی وزەو توانای خۆیانەوە پشتیوانی لە سیاسەت و بەرنامەکەی بکەن.
لەبەرانبەردا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، بەگەرمیی بەخێرهاتنی کردن بۆ نێو ریزەکانی یەکێتی و جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جێگای هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی تێدا دەبێتەوەو کار دەکات بۆ فەراهەمکردنی خواست و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵک، هەربۆیەش پێویستە هەمووان تێبکۆشین بۆ سەرخستنی بەرنامە و تێڕوانینەکانی، لەپێش هەمووشیانەوە راستکردنەوەی شێوازی حوکمڕانی هەڵەو پڕ لە کەموکورتی هەرێم و دابینکردنی ئازادییەکانی بۆ خەڵکی کوردستان.
جێی ئاماژەپێدانە، پارتی رێبەرایەتی گەلی کوردستان، خاوەنی سەدان ئەندام و لایەنگرە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.