/   ی.ن.ک

ئەندامێکی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی و سەدان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕانەوە ناو ریزەکانی یەکێتی

2024-10-17
رۆژی پێنجشەممە 17_10_2024، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) لەڕێوڕەسمێکدا لە شاری سەید سادق پێشوازی لە گەڕانەوەی بەڕێز جەبار جەلال ئەندامی پێشووتری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە خۆی و سەدان هەڵسوڕاو و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاونەتەوە نێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنێویشیاندا لێپرسراوی بازنەکانی ناڵپارێزو گەرمک و جێگری لێپرسروی بازنەی ناڵپارێز و لێپرسراوی رایەڵەی پێشمەرگە.
 
 لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان جەمیل هەورامی و حامیدی حاجی غالی و عومەری حاجی ئەحمەدو هەڵۆ پێنجوێنی ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، باسی لە رۆڵی بەرچاوی بەڕێز جەبار جەلال کرد لە شۆڕشی نوێ و وێستگەکانی تری ژیانی سیاسی یەکێتیدا کە جێدەستی دیارە، هەروەک بەناوی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتییەوە بەگەرمیی بەخێرهاتنەوەی کردن بۆ ناو ریزەکانی حزبی خۆیان و پێیڕاگەیاندن، ئێوە کۆمەڵێک تێکۆشەری ماندوونەناسن و حزب بەچاوی رێزو پێزاینەوە لە تێکۆشانتان دەڕوانێت و جێگای هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی تێدا دەبێتەوە.
 
لەبەرانبەردا، بەڕێز جەبار جەلال بەناوی خۆی و هاوڕێکانییەوە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بەرنامە و ئەجیندای نیشتمانی و نەتەوەییانەی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، لەئێستادا یەکێتی کاریگەرترین هێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و بووەتەوە بە تاکە ئومێدمان، هەر بۆیە بەتەواوی هێزمانەوە پشتیوانی دەکەین و هەموو وزەو توانایەکمان بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی دەخەینەگەڕ.
 
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هەڤاڵان جەمیل هەورامی و حامیدی حاجی خالید، لە دوو وتەی جیادا بەخێرهاتنەوەی بەڕێز جەبار جەلال و هاوڕێکانیان کرد بۆ نێو ریزەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان.

زیاتر بخوێنەوە