/   ی.ن.ک

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بەتیمی شەترەنجی یانەی پێشمەرگە کرد

2024-10-15
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 15_10_2024، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ سەرۆکی یانەی پێشمەرگە، لە رێوڕەسمێکدا لە یانەی وەرزشی پێشمەرگە لەشاری سلێمانی، خەڵاتی رێزلێنانی بەسەر سەرپەرشتیارو یاریزانانی تیمی شەترەنجی یانەی وەرزشی پێشمەرگەدا دابەشکرد کە لە پاڵەونێتی شەترەنجی یانەکانی وڵاتانی عەرەبیدا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
 
لەو رێوڕەسمەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارو یاریزانانی یانەی پێشمەرگە، رایگەیاند، وەرزش روویەکی پرشنگدارو شارستانی هەر میللەتێک نیشان دەدات، بەدەستهێنانی پلەی یەکەمیش لە شەترنجدا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، کە یانەکە بەنوێنەرایەتیکردنی عیراقی بەدەستیهێناوە، دەرخەری ئەوەیە ئەگەر دەرفەت بدرێتە گەنجانی کورد لە بواری وەرزش و بوارەکانی دیکەشدا سەرکەوتنی بێ وێنە تۆمار دەکەن، هەروەک هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
هەر لەمیانەی رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی یانەی پێشمەرگە، لە وتەیەکدا دوا پێشهاتەکانی دۆخی هەرێمی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە و ئەوەی خستەڕوو کە حاڵی حازر هەرێم لە قەیران و مەترسییەکی گەورەی حوکمڕانیدایەو بەهۆی ناکارامەیی حوکمڕانانی هەرێم، تەنانەت هاوپەیمانە رۆژئاوایەکانیشمان لێمان نیگەرانن و هەمیشە رەخنە لەشێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم دەگرن و داوای چاکسازیمان لێدەکەن، هەربۆیە ئێستا کاتی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی جددییە لە حوکمڕانیداو باشترین هێزیش کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، گونجاوترین دەرفەتیش بۆ ئەو کارە پشتیوانیکردنی بەرنامەو لیستی 129ی یەکێتییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا. ئامادەبووانیشی هاندا، بەتەواوی توانای خۆیانەوە دەنگ بۆ لیستی 129 کۆبکەنەوە.
 
 
لەکۆتایی رێوڕەسمەکەشدا، خەڵاتی رێزلێنان، کە لەلایەن هەردوو سەرمایەداری نیشتمانی کاک ئیسماعیل و کاک ئیبراهیم-ەوە دابینکرابوو، بەسەر سەرپەرشتیاری تیم ئەسعەد ئیسماعیل و یاریزانان( زۆزک سەڵاح محەممەد، ئاکار عەلی ساڵح، ئاریان عەلی ئیحسان، ئەحمەد جەزا جەمال، موعەزەز زاهیر حەبیب)دا دابەشکرا، هەروەک لە رێوڕەسمەکەدا سەرپەرشتیاری تیمی شەترەنجی یانەی پێشمەرگە، قەڵغانی پاڵەوانێتی شەترەنجی یانەی وڵاتانی عەرەبی پێشکەش بە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد.

زیاتر بخوێنەوە