ئەمڕۆ دووشەممە 14_10_2024 ، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی گرێزەی سنووری شارەزوور لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خزمانی عەشیرەتی شێخ سمایلی کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەو نیوەڕۆخوانەدا کە عەمید تایر گرێزەیی فەرماندەی یەکەی 714ی هێزی پێشمەرگە رێکیخستبوو و هەریەک لە لیوا عومەر فەرماندەی هیزەکانی 70 و کاک سالاری مامە نەسە سەرۆکی عەشیرەتی شێخ سمایلی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی خزمانی شێخ سمایلی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانداو پێی راگەیاندن؛ کەم کەس هەیە لە ئامادەبووانی ئەم کۆبوونەوەیە، کەسوکاری شەهید نەبێت یان قوربانی گیانی و ماڵی نەدابێت لەپێناو سەرفرازی میللەتەکەماندا، بۆیە جێی شانازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەری گەلەکەمانن.
لەبەشێکی تری وتەکەیدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، باسی لە شێوازی خراپی حوکمڕانی هەرێم کرد کە بەو هەموو داهات و خێرو بێرەی لەم وڵاتەدا هەیە نەیتوانی ژیان و گوزەرانی خەڵک رێکبخاتەوەو کۆمەڵانی خەڵک لەم مەینەتییە ئابوریی وسیاسییە دەرباز بکات، بۆیە بارودۆخەکە پێویستی بەکارکردنی جددی هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و جەختیکردەوە لەئێستا یەکێتی تاکە هێزی سیاسیە توانای ئەوەی هەبێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە حوکمڕانی هەرێم بێنێتەکایەوە، بۆیە دەبێت هەمووان پشتیوانی لە یەکێتی بکەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە رەوایە.
هەر لەو سۆنگەیەشەوە خزمانی شێخ سمایلی هاندا بەمەبەستی پتەوکردنی ویست و ئیرادەی گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی لەهەرێم ، لە رۆژی 20ی مانگدا راپەڕینێکی دیموکراسی بەرپابکەن و بەجۆش خرۆشەوە روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بەلیستی 129 ی و ئەو کاندیدانەی دەتوانن لە پەرلەماندا یاساگەلێک دەربکەن کە رەنگدانەوەی بەرژەوەندیی و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بن.