/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ مافپەروەرو پارێزەرانی سلێمانی کۆبووەوە

2024-10-13

ئێوارەی رۆژی شەممە 12_10_2024، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) بەئامادەبوونی هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی، چاوی کەوت بە بەشێکی زۆر لە مافپەروەرو پارێزەرانی شاری سلێمانی.

لەو دیدارەدا کە هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر لەوتەیەکدا ئاماژەی بە رۆڵی گرنگ و کاریگەری توێژی مافپەروەران و پارێزەران کرد لەنێو کۆمەڵگەدا کە سەنگ و پێگەی خۆیان هەیە و دەتوانن نەخشی بەرچاویان هەبێت لە پێشهات و گۆڕانکارییەکاندا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لەدوا پەرەسەندنەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کردو روونیکردەوە کە باری حوکمڕانی لەهەرێم لەم ساڵانەی دواییدا دووچاری لادان بووەو رووەوە تاکڕەوی هەنگاوی هاویشتووەو ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە. لە بەرانبەردا بەرنامەو روئیای یەکێتی کە هێزێکی گەورەی کوردستانییەو خاوەنی شۆڕشی نوێی کوردستانە کار بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی تاکە کەسی و خۆسەپاندن دەکات. هەربۆیە بۆ سەرخستنی تێڕوانینی نیشتمانی و نەتەوەییانەی یەکێتی و دامەزراندنی حکومڕانییەکی گەلپەسەندی داکۆکیکار لە مافی خەڵک، پێویستە جەماوەری کوردستان متمانەی خۆیان بدەن بە لیستی 129ی یەکێتی.

لێپرسراوی ئەنجومەن، ئامادەبوانی هاندا لە رۆژی 20ی مانگ نەک هەر خۆیان و کەسوکاریان، بەڵکو تەواوی خزم و هاوڕێ و هاوپیشەکانیان ببەنە ناوەندەکانی دەنگدان و نەبەردییەکی گەورەی دیموکراسی تۆمار بکەن.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا، لە وتەیەکدا رایگەیاند: هەروەک چۆن یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا توانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرکەوتنی بەرچاو تۆماربکات، ئاواش لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەوێت و وەزعی هەرێم دەگۆڕێت.

باسی لەوەشکرد کە لەخولی داهاتوودا، یەکێتی رێگەنادات پەرلەمانێکی ناکارامان هەیە، بەڵکو کار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێک دەکات کە بتوانێت یاساگەلێک دەربکات لەبەرژەوەندی خەڵکدا بێت وگۆڕانکاری ئەرێنی لە ژیان و گوزەرانیاندا بکات.
 

زیاتر بخوێنەوە