ئەمڕۆ شەممە 12_10_2024، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی(ی.ن.ک) لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ توێژی بەڕێوەبەران و سەرۆکی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی شاری سلێمانی کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەڤاڵان زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و جوتیار نوری ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەران و سەرۆکی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی سلێمانی کرد کە رۆژانە ئەرکێکی زۆر جێبەجێ دەکەن و لەخزمەتی هاوڵاتیاندان، پێیڕاگەیاندن؛ ئێوە بەرکەوتنی راستەوخۆتان هەیە لەگەڵ هاوڵاتیان و تێکەڵ بەئازارو مەینەتییەکانیانن، هەربۆیە لەهەموو کەس زیاتر درک بەوەدەکەن کە پێویستە بە چ جۆرو شێوازێک کار بۆ پەرەپێدانی ئەو حزمەتکردنە بکرێت، لەهەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییەکی قورستان لە ئەستۆدایە و رازیبوون یان ناڕازیبوونی خەڵک لە حکومەتی هەرێم، بەشێکی زۆری پەیوەستە بە کارو ئەدای ئێوەوە. هانیشیدان چەند پێیان دەکرێت کارئاسانی بۆ کاروباری هاوڵاتیان بکەن، چونکە خەڵک ماندووەو ساڵانێکە بەدەست شێوازی پڕ لە هەڵەو کەموکورتیی حکومڕانیی هەرێمەوە دەناڵێنێت.
پاشان لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بە قوربانیدان و فیداکاریی خەڵکی سلێمانی کردو جەختیکردەوە کە کەم ماڵ هەیە لەم شارەدا، شەهیدی پێشکەش بەکوردستان نەکردبێت یان زیندان نەبووبێت یاخوود زیانمەندی دەستی رژێمی بەعس نەبێت، بۆیە شیاوی ئەوەن لەڕێی فەرمانگەکانی حکومەتەوە بەباشترین شێوە خزمەت بکرێن و گوێیان لێ بگیرێت.
لەبەشێکی تری وتەکەیدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، باسی لە شێوازی خراپی حوکمڕانی هەرێم و پێویستی کارکردنی جددی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی کردو جەختیکردەوە کە یەکێتی پێی ناوەتە قۆناغێکی تری حزبایەتی و ژیانی سیاسی، ئێستا یەکێتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە و خاوەنی سەرۆک و بەرنامەی راست و رەوانی خۆیەتی، بۆیە دەتوانێت ئەرکی گۆڕانکاریی لەشێوازی حوکمڕانی بەئاراستەی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک جێبەجێ بکات.
ئامادەبووانیشی هاندا بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵات، لە رۆژی 20ی مانگدا راپەڕینێکی دەنگدان بەرپابکەن و بەجۆش خرۆشەوە روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بەلیستی 129.