رۆژی پێنجشەممە 5ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی " مچە کوێر"ی ناوچەی قەرەداغ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کرد لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و وتوێژە جیاجیاکانی سنووری قەرەداخ و دەربەندیخان.
لەو کۆبوونەوەیەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر رۆڵی دانیشتوانی قەرەداخ و دەربەندیخان لە جۆشدانی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند: ناوچەکەتان هەمیشە بێشەی شۆڕش بووەو خەڵکە تێکۆشەرەکەی هاوکارو یارمەتیدەری پێشمەرگەبوون و لەسەر دەستی رۆڵەکانی ئێوە شۆڕش گەشەی دەکرد.
دواتر بەئاماژەدان بە دۆخی چەقبەستووی سیاسی هەرێم، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان وتی: هەمیشە یەکێتی کاری بۆ یەکڕیزیی و تەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان کردووە، ئەوەش لەسۆنگەی ئەو باوەڕە نەگۆڕەوە کە یەکێتی و تەبایی، سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئومێد دەبەخشتێتە کۆمەڵانی خەڵک و گیانی نیشتمانیی و نەتەوایەتی پتەودەکات، بەڵام لایەنی بەرانبەر وەکو پێویست بەدەم بانگەوازو هەوڵەکانی یەکێتییەوە نەدەهاتن، ئەوەش لاسەنگیی و دوورکەوتنەوە لە رێباز کوردایەتی دەهێنایەکایەوە.