رۆژی شەممە 7ی ئەیلول ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لەبارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگەو سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی هێزی یەدەکی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی رۆڵ و کاریگەریی پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی یەدەکی کرد کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی سەختی شاخ و دوای راپەڕینیش لە بەرگریکردن لە دەستکەوتە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستاندا رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووەو لەو بوارەدا قوربانی بێ شوماریان بەخشیووەو، پێی راگەیاندن: ئێوەی شەهیدی زیندوو کە ئەوپەڕی فیداکاریتان نوواند، خاوەنی دەستکەوتەکانی پاش راپەڕینن.
پاشان، لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕو مەبدەئیی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە سەبارەت بە زەرورەتی یەکخستنی پێشمەرگەو دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی کورستان کرد کە ئەرکی سەرەکی پاراستنی هەرێم بێت لەهەر هەڕەشە و مەترسییەک، دووپاتیشیکردەوە کە هێزو سوپای حزبی یەکێکە لە هەڕەشەکانی سەر هەرێم.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وێڕای خستنەڕووی رۆڵی گەورەو کاریگەریی یەکێتی، ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی یەکڕیزی گەلەکەمان کردەوەو رایگەیاند، هەرکاتێک یەکێتی و هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان هاوپەیمان و یەک دەنگ بووبێتن، دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام کاتێک پەرتەوازەو ناکۆک بووبێتین نەمانتوانیووە وەکو پێویست بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بپارێزین و خزمەتیان بکەین، بۆیە دەبێت بەردەوام کار لەسەر یەکێتی ریزەکانی خەڵک و حزبە سیاسییەکان بکەین.
دواتر بەڕێز قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە دیداری لەگەڵ تێکۆشەرانی هێزی یەدەک و ئاماژەدان بە پێگەی گرنگی ئەو هێزە لە بەرگریکردن لە دامەزراوەکانی هەرێم، دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بۆ باسکردن و رۆڵی گەورەو کاریگەری یەکێتی لەو نێوەندەدا بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جەختیکردەوە کە ئەمڕۆ یەکێتی لە هەموو کاتێکی تر زیاتر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و یەک گوتارە، ئەوەش بووەتە مایەی پتەوترکردنی پێگەکەی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێم و عیراق کە سەرەنجام بە قازانج و بەرژەوەندی میللەتی کورد دەشکێتەوە، سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی لە موسڵ و کەرکوک و بەغدای بە بەرجەستەبوونی ئەو یەکریزییەی ناو یەکێتی لەقەڵەم دا، کە ئومێد دەکرێت ئەو زنجیرە سەرکەوتنانە، رەنگدانەوەیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئامادەبووان بە دەربڕینی ئازادانەی تێبینی و رەخنەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەپێزتر کرد، هاوکات کۆمەڵێک بابەتیان خستەڕوو و داوای بەدواداچوون و چارەسەریان کرد.