رۆژی پێنجشەممە 26 ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگوندی " باڕۆیی"ی ناوچەی قەرەداغ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کرد لەگەڵ ژمارەیەک لەکەسوکاری شەهیدان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی سنوورەکە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کەژمارەیەک لەلێپرسراوانی حزبی ناوچەکە ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لەوتەیەکدا تێکۆشانی بێ وچانی دانیشتووانی گوندی باڕۆیی و گوندەکانی دەوروبەری و خزمانی عەشیرەتی مەنمی بەرزنرخاند، کە لە نەبەردیی دوورو درێژی نەتەوەییدا مێژوویەکی پڕ لەشانازییان بۆ خۆیان و نەوەکانیان تۆمارکردووە، بەچەشنێک کە تەنها خودی گوندی باڕۆیی خاوەنی 20 شەهیدی قارەمانە.
جەختیشیکردەوە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی شانازیی بەکەسوکاری شەهیدانەوە دەکەن و هەرگیز فیداکاریی و قوربانیدانی دانیشتووانی ناوچەکانی بازیان و قەرەداغ بەکشتی و گوندی باڕۆیی بەتایبەتی لەیادناکەن و ئەوەی پێیان بکرێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەن.
پاشان لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بەگرنگی و بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو رایگەیاند: دەتوانین لەڕێی هەڵبژاردن و ناردنی نوێنەرانی دڵسۆزو راستەقینەی خەڵک بۆ پەرلەمان، بەشێوەیەکی ئاشتیانە شێوازی حوکمڕانی خۆمان بەرەو باشتر بگۆڕین، کە سەرەنجامەکەی حکومەتێکی خزمەتگوزاری ئەوتۆی لێبکەوێتەوە کە هاووڵاتیان لەمەینەتیی و بێ خزمەتگوزاریی رزگار بکات و ئومێد بەکۆمەڵانی خەڵک ببەخشێتەوە، دوای ئەوەی ساڵانێکی سەختی گرانیی و بێ هیواییان بەڕێکرد.
ئەو راستییەشی بۆ ئامادەبووان دووپاتکردەوە کە گۆڕانکاریی ریشەیی لەهەرێم بووەتە پێویستییەکی قۆناغەکەو ئەوەش تەنها بەهێزێکی گەورەو بەرچاوڕوونی خاوەن روئیای ئایندەیی وەکو یەکێتی دەکرێت، هەر بۆیەش هانیدان، خۆیان و کەسوکاریان سازو ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لە 20 مانگی داهاتوودا دەنگ بەلیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن و خۆیان بۆ شادی و ئاهەنگی سەرکەوتن ئامادەبکەن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لەئامادەبووان، کۆمەڵێک سەرنج و تێڕوانینان خستەڕوو و سەرەنجام گفتوگۆیەکی هەڤاڵانەی بەپێزو بەرهەمداری لێکەوتەوە.