رۆژی شەممە 28ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ بەشێكی زۆر لەخانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی سنووری سلێمانی كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە لەهۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەك لە هەڤاڵان بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران و زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن باسی لەجوامێریی شەهیدان و خانەوادەكانیان كردو رایگەیاند: ئێوە ئەو كەسانەن كە جێگای تایبەتیتان هەیە لە دڵ و دەرونی خەڵكی كوردستاندا، تەواوی دەستكەوتە مێژووییەكانی گەلەكەمان دەرەنجامی گیانبازیی و خوێنی گەشی رۆڵە قارەمانەكانی ئێوەیە، بۆیە هەرچیتان بۆ بكرێت هەر كەمەو ناگاتە ئاستی دڵۆپێك لەخوێنی پیرۆزی رۆڵەكانتان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جەختیشی لەوەكردەوە كە لەكابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمدا، كۆمەڵێك كاری باش بۆ كەسوكاری شەهیدان كرا، دەشكرا خزمەتی زیاتر بكرێن، بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، زۆربەی كاروبارەكانی پەیوەست بەژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك بەگشتی و خانەوادەی شەهیدان بەتایبەتی، پەكیان كەوت و رووبەڕووی ئاڵینگاریی جددی بوونەوە.
لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئكیدی لەوەكردەوە كە سەرباری ناكارامەیی و كەموكوڕییەكانی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم، دەبێت حكومەتی خۆمان كەبەری خوێن و رەنجی شەهیدان و كەسوكاریانە، وەك چاومان بپارێزین و بەخوێن بەرگری لێبكەین، چونكە ئەو قەوارەیە تاكە هیوای هەموو كوردێكە.
پاشان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، هاتەسەر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پرۆسەكەی بە چارەنووسساز وەسفكرد و رایگەیاند: پێویستە هەمووان لە 20ی مانگی داهاتوو ئامادەی سەر سندوقەكانی دەنگدان بن و دەنگ بەلیستی 129ی یەكێتی و ئەو كاندیدانە بدەن كە ئازارو مەینەتییەكانتان دەبەنە نێو هۆڵی پەرلەمان و كار بۆ چارەسەكردنیان دەكەن و هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی كوردستانی سەرتاسەریی دەدەن، حكومەتێك كە جیاوازی نەكات لەنێوان شارو ناوچە جیاوازەكاندا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لەهەڤاڵان بڵێسە جەبار فەرمان و زیادی شەهید جەبار، تیشكیان خستەسەر كۆمەڵێك بابەت و گرفتی پەیوەندیدار بەژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و هیوایان خواست لەكابینەی داهاتووی حكومەتدا كاریان لەسەر بكرێت.
لە كۆتاییشدا، ژمارەیەك لەكەسوكاری شەهیدان هەندێك پێشنیارو سەرنجیان خستەڕوو، هاوكات پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ لیستی 129ی یەكێتی دووپاتكردەوە.