ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان لە کەلار، ئامادەی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ عەلی شەهید محەممەد بوو، وەک سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی گەرمیان.
لەو رێوڕەسمەدا کە بەئامادەبوونی هەڤاڵ شێخ ئەحمەد حەمە کەریم ئەندامی مکتەبی سیاسی و هەڤاڵان سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و مامۆستا جەلال ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی جوامێرانەی پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکان کرد و رایگەیاند دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بەرهەمی خوێنی پاکی شەهیدان و رەنج و ماندووبوون و فیداکاریی پێشمەرگە دێرینەکانە، هەربۆیە سەرۆک سەرکردایەتی یەکێتی تێکۆشانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵی کوردەواری لەبیرناکەن و هەق وایە حکومەتیش زیاتر و باشتر خزمەتیان بکات.
لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشکی خستەسەر گرنگی و بایەخی یەکڕیزی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و تەئکیدیکردەوە کە هەر کات کورد یەکڕیز بووبێت دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و دوژمنان نەیانتوانیووە زەفەرمان پێبهێنن، بەپێچەوانەشەوە کاتێک پەرتەوازە و ناکۆک بووبێتین لە بەرانبەر دوژمناندا بێ هێز و لەناو خۆشماندا نەمانتوانیووە بەباشی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.
لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن باسی لەبایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو ئەوەی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە جاران بە چەک داکۆکیمان لە مافی میللەتەکەمان دەکرد، بەڵام ئێستا لەڕێی خەباتی پەرلەمانی و دەنگەکانمانەوە دەتوانین کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک بکەین، بۆیە پێویستە تەواوی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکارەکانیان بەشداریی کارا بکەن لە پرۆسەی دەنگداندا و دەنگ بە لیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن، چونکە سەرکەوتنی یەکێتی لەم پرۆسەیەدا رێگریی دەکات لە جیاوازیکردن لەنێوان ناوچە جیاجیاکان، هەروەک زامنی ئەوەش دەکات هیچ یاسایەک بێ یەکێتی تێنەپەڕێندرێت، رێگریش دەبێت لە ئەنجامدانی رێککەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ وڵاتانی تر دژ بە گەلەکەمان.
هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هەڤاڵان شێخ ئەحمەد حەمەکریم و سالار مەحمود و عەلی شەهید محەممەد وتەیان پێشکەشکرد.