ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەرێوڕەسمێکدا، پرۆژەی کارەبای گوندی درەگەزێن-ی لە سنووری بازیان کردەوە.
لەو رێوڕەسمێکدا کە دانیشتوانی گووندەکەو ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی و حکومی سنوورەکە ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەڕۆڵ و نەخشی دانیشتوانی گوندی دەرگەزێن و دۆڵی بازیان بەگشتی کرد لە پشتیوانیکردنی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستان، بەتایبەت لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، کە لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان بەخشیوە، بە چەشنێک تەنها گوندی دەرگەزێن خاوەنی چوار شەهیدە.
باسی لەوەشکرد کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە شیاوی ئەوەن لەوە زیاتر خزمەت بکرێن و لەداهاتووشدا ئەوەی پێیان بکرێت درێغی ناکەن لە خزمەتکردنیان. هاوکات باسی لە رۆڵی هەڤاڵ هێرشی محامی کرد کە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەگوزاریی لە گوندەکەدا.
لەبەشێکی تری وتەکەیدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، کورتە باسێکی لەسەر دوا پێشهاتەکان و بەتایبەتی بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرنگی بەشداریی بەرفراوانی جەماوەری ناوچەکە لە پرۆسەکەدا پێشکەش کردو جەختیکردەوە کە پرۆسەکە چارەنووسسازە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو لیستەی بەرنامەی هەیە گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی حوکمڕانیدا بکات و تەواوی وزەو تواناکان بخاتە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتی هەرێم بکاتە حکومەتێکی گەلپەسەندی سەرتاسەری، بەجۆرێک هیچ جیاوازی نەکات لەنێوان شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا.