رۆژی دووشەممە 7ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەئامادەبوونی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە چوارقوڕنە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە فەرماندەو تێکۆشەرانی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆبووەوە.
لەو کوبوونەوەیەدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی خەبات و فیداکاریی جەماوەرو و فەرماندەو پێشمەرگە دێرینەکانی دەڤەری راپەڕینی خۆڕاگری کردو پێی راگەیاندن؛ ئێوە لەخەباتی شاخ و راپەڕینی شاریشدا رۆڵی سەرەکیتان هەبووە لە بەدیهێنانی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، تا دوێنێ بەچەک و خۆڕاگریتان و ئەمڕۆش بەدەنگەکانتان دەتوانن پارێزگاریی لەو دەستکەوتانە و پێکهێنانی حکومەتێک بکەن کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بێت.
هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە شێوازی فەرمانڕەوایی لە هەرێم کەموکورتی جەوهەری هەیەو پێویستی بەگۆڕانکاریی بنەڕەتییە، تاکە هێزیش کە لەڕووی مەبدئییەوە باوەڕی بە گۆڕانکاری هەیە، هەروەها توانای ئەنجامدانی پرۆسەکەی هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆیە پێویستی ئێوەی تێکۆشەرانی دێرین و رێبوارانی رێبازی سەرۆک مام جەلال نەخشی بەرچاوتان هەبێت لەو بوارەدا و کار بۆ نەهێشتنی خۆسەپاندن و قۆرخکاریی بکەن و هەمووان پێکەوە حکومەتێکی نیشتمانیی ئەوتۆ بهێنێنە کایەوە کە کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و گێڕانەوەی هیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵک بکات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەمووان لە راپەڕین و نەبەردییەکی دەنگداندا، بەخزم و کەسوکارو دراوسێکانەوە رۆژی دەنگدان روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بەلیستی 129ی پێشمەرگە و شەهیدان بدەین.
پاشان هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، لە وتەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بە هەڵوێستی قارەمانێتی و دڵسۆزیی خەڵکی ناوچەکە، تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی هەرێم و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی دەسەڵاتێکی تەندروست و دادپەروەرو، بەرنامەی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی جددی لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمدا خستەڕوو و رایگەیاند: لێرەوە دەنگی سەرکەوتنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەدەن بەگوێی کۆمەڵانی خەڵکدا.
باسی لەوەشکرد کە ئێستا یەکێتی بەیەکڕیزو یەک دەنگ و یەک هەڵوێست کاردەکات، بەخۆیدا چووەتەوەو نێۆ ماڵی خۆی رێکخستووەتەوە، کە ئەوەش داواکاریی جەماوەرەکەمان بوو. ئەوەندەش کەرەستەو ئەزمووی هەیە کە بتوانێت گۆڕانکاری لە حکومڕانی و ژیان و گوزەرانی خەڵکدا بکات، بۆیە ئاسۆی سەرکەوتن روونە، ئامرازەکەشی ئەوەیە کە هەمووان لەرۆژی هەڵبژاردندا لەڕێی دەنگدان بە لیستی 129ی یەکێتی داستانێکی بێ وێنە تۆماربکەن و تاجی سەرکەوتن بخەنەسەر جەماوەری گەلەکەمان.