رۆژی چوارشەممە 2ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە بەشێک لە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی مامڵێسی لە سنووری هەردوو ناحیەی تەکیەی کاکەمەندو ئاغجلەر.
لەدیدارێکدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لە رۆڵی بەرچاو و دیاری عەشیرەتی مامڵێسی کرد لە جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا کە لەو رێبازەدا قوربانی و فیداکاری زۆریان بەخشیووەو نەهامەتی زۆریان چەشتووە، بۆیە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رێز لە هەڵوێستی جوامێرانەی خزمانی مامڵێسی دەگرێت و قوربانیدانەکانیان لەبیر ناکات.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، پرۆسەکەی بەگرنگ و چارەنووسساز وەسفکرد و رایگەیاند هەڵبژاردن تاکە دەرفەتە لەبەردەم رۆڵەکانی گەلەکەماندا بۆ ئەوەی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێم بەرەو باشتر بگۆڕن و دەسەڵاتێکی خزمەتگوزاری پشتبەستوو بە ئیرادەی گەل بهێننەکایەوە، دەسەڵاتێک کە کۆتایی بە مەینەتییەکانی خەڵک بهێنێت و یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان میللەتدا دروست بکاتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزەش، هانیدان بەشێوەیەکی لێبڕاوانە کار بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتی بدەن.
لەبەرانبەردا، خزمانی عەشیرەتی مامڵێسی ئەوەیان خستەڕوو کە چۆن لەڕابردوودا پشتووپەنای یەکێتی بوون، لەمەودواش کاری جددی دەکەن بۆ سەرخستنی ئەجێندا نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی یەکێتی و لیستی 129.