رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ بەشێک لە ژنان و چالاکوانانی مەدەنی سنووری سلێمانی کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی و هەڤاڵان جوتیار نوری و روناک شێخ جەناب و مەهاباد شێخ محەممەد ئەمین کادری پێشکەوتووی یەکێتی و چرۆ شەهاب مامۆستای زانکۆ ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لەڕۆڵی دیاری ژنان کرد لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا.
لەو چوارچێوەیەدا تیشکی خستەسەر پێگەی ژن لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا کە پێگەیەکی رێزلێگیراوو شایستەیەو هەمیشە رۆڵی پێشڕەوانەیان هەبووەو شانبەشانی باوک و هاوسەرو کوڕو براکانیان بەشداریی کارایان کردووە لەتەواوی کارو چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانداو لەو نێوەندەشدا بەشداریی کاریگەریان هەبووە لەشۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستاندا، بەتایبەت لەشۆڕشی نوێی گەلەکەماندا نەخشی بەرچاویان هەبووەو قوربانیی زۆریان بەخشیووە. هەروەک لەمێژووی کورددا چەندین کەڵە ژنی هەڵکەوتوو هەبوون کە هەندێکیان رۆڵی گەورەیان لەسەردەمەکەیاندا گێڕاوەو جێ پەنجەیان لەچەندین کایەدا دیاربووە.
لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئکیدیشیکردەوە کە دەبێت دەرفەتی زیاتر بدرێتە ژنان بۆ بەشدارییکردن لەگەشەپێدان و پەرپێدانی کۆمەڵگەدا، چونکە لەم سەردەمی تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنەدا پیاوان بەتەنها توانای راییکردنی کاروبارەکانیان نییە، هاوکات داوای لەئامادەبووان کرد بەشدارێکی کارابن لەو گۆڕانکارییە سیاسییەی چاوەڕوان دەکرێت لەهەرێمی کوردستان لەڕێی خەباتی پەرلەمانیی بێتەئاراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا، کورتە باسێکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێم و ئاڵنگارییەکانی بەردەم خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک پێشکەشکردو جەختی لەوەکردەوە کە بۆ ئەم قۆناغە، یەکێتی بەرنامەی تازەی لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب و دەرەوەی حزب هەیەو رایەڵەی پەیوەندییەکانی تووندوتۆڵترو هەمەلایەنەتر کردووەو بەئومێدێکی گەشەوە هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لەژنانی ئامادەبوو، چەندین پرسیارو تێبینییان هەبوو، ئازادانە تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کۆی بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.