رۆژی شەممە 21ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشوانانی بوارە جۆراوجۆرەکانی وەرزش لە سنووری سلێمانی کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە بەڕێزان دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر و دکتۆر عەلی لێپرسراوی بۆردی وەرزشی یەکێتی و دێرین لەتیف بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی کوردسات ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کورتەباسێکی لەسەر پێگەو گرنگی وەرزش و وەرزشکاران پیشکەشکردو جەختیکردەوە کە وەرزش روویەکی گەش و جوانی پێشکەوتن و شارستانیانەی هەر کۆمەڵگەیەک نیشان دەدات، سەبارەت بە کوردیش بایەخەکەی زیاترە، لەو سۆنگەیەوە کە دەبێت وەرزش لە کوردستاندا دیمەن و رووی جوانی کوردەواری نیشانی دۆست و نەیارانمان بدات، چونکە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە کاریان لەسەر ئەوە کردووە، کورد وەکو میللەتێکی دواکەوتووی دوور لە شارستانیەت و چالاکییە مرۆییەکان نیشانی دەرەوە بدەن، بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی وەرزش ئەوەیە، ئەو تێڕوانینە خراپانەی لەسەر کورد بڵاوکراونەتەوە، راستبکاتەوە.
ئەوەشی بەبیر وەرزشکاران هێنایەوە کە رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، هەرگیز وەرزشکارانی لەبیر نەدەکردو هەمیشە لەپەیوەندیدابوو لەگەڵیاندا و داواکانی بۆ جێبەجێ دەکردن، لەئێستاشدا سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی بەبایەخێکی زۆرەوە لە نەخش و کاریگەریی وەرزشکاران دەڕوانن و لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە کوردستاندا. لەو رووەشەوە شەهید جەمالی عەلی باپیری وەک سیمبولی سەرکردەیەکی وەرزشوانی یەکێتی هێنایەوە کە گیانی وەرزشی و خەباتی چەکداریی رزگاریخوازانەی
نەتەوەکەی ئاوێتەی یەک کردبوو، سەرباری شەهیدبوونی دەیان وەرزشوانی پێشمەرگەی دیکەی یەکێتی کە بەگیانی پاکیان رووبەڕووی هەژموونی وەحشیگەرانەی بەعس دەبوونەوە.
سەبارەت بەدوا پێشهاتەکانی هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، تەحەداکانی ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی میللەتەکەمانی خستەڕوو و وەرزشوانانی هاندا جێ دەستیان دیاربێت لەو هەوڵانەی لەئێستادا دەدرێن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی سیاسیی ئەرێنی و قوڵکردنەوەی گیانی برایەتی و یەکڕیزیی و، ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ حکومەتی خۆماندا، ئەوەش دوای پێکهێنانی حکومەتێکی گەلپەسەندی خزمەتگوزار.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەڕێر دابان شەدەڵە، باسی لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی وەرزش کرد کە چۆن لە وڵاتانی دەرەوە وەرزشوان وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لێی دەڕوانرێت، هاوکات ئاڵنگارییەکانی بەردەم سێکتەری وەرزشی لە هەرێم خستەڕوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە وەرزشکارانی ئامادەبوو، بەوپەڕی ئازادییەوە پرسیار و رەخنە و داواکارییەکانیان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.