/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازیی لە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشەرانی ناوچەی قەرەداغ کرد

2024-09-18

رۆژی سێشەممە 17ی ئەیلول ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەران و کەسایەتیی سەر بە چین وتوێژە جیاجیاکانی ناوچەی قەرەداغ کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵان مستەفا چاوەڕەش و دکتۆر میران و زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری و ماموستا جەلال ئامادەیبوون، سەرەتا هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی  یەکی رێکخستنی سلێمانی، پاش بەخێرهێنانی ئامادەبووان، باسی لە دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی هەرێم و رۆڵی بنیاتنەرانەی یەکێتی کرد لە پەرەپێدانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

پاشان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر فیداکاریی و ماندووبوونی دانیشتوانی سنووری قەرەداغ کە هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا بوون و بەو هۆیەشەوە قوربانیی زۆریانداوە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قەرەداغییەکان شانازییەکی گەورەیان لەمێژووی سیاسی و تێکۆشانی گەلەکەماندا بۆ خۆیان تۆمارکردووە، بەو پێیەی ناوچەکەیان هەمیشە لانکەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستان بوون و کەم گوندی ئەو ناوچەیە هەیە شەهیدیان نەبێت.
باسی لەوەشکرد کە سەرۆک مام جەلال بەشێوەیەکی تایبەت گرنگی بە قەرەداغ دەداو هەمیشە لە خەمی خەڵکەکەیدابوو و دەزگا حکومییەکانی ئاراستە دەکرد پرۆسەکانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی تێدا پەرەپێبدەن. کردنەوەی زانکۆیەکی لە قەرەداغ بەنموونەیەک لەسەر پەرۆشی سەرۆک مام جەلال بۆ دانیشتوانی سنوورەکە هێنایەوە.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، جەختی لەسەر تێڕوانینی مەبدەئییانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە سەبارەت بە زەرورەتی رەخساندنی کەشێک بۆ تەبایی و یەکریزیی و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان حزبە سەرەکییەکانی کوردستان و رایگەیاند: ئەو کاتانەی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبووە، زۆرترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کراوە، بەپێچەوانەشەوە لەکاتی ناکۆکییەکاندا زیانی گەورە بەر میللەت کەوتووەو دەستکەوتەکان کەوتوونەتە مەترسییەوە. بۆیە ئێستاش، وەکو هەمیشە، بانگەوازی یەکێتی بۆ لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە؛ پێویستە ئەگەر دوای هەڵبژاردنیش بێت هاوپەیمانییەکی پتەو دروست بکرێت و لەو رێگەیەوە هەوڵی راستکردنەوەی هەڵەو کەمورتییەکانی حوکمڕانی خۆمان بدرێت و میللەت ئاشتبکەینەوەو داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێبکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبووان، ئازادانە، پرسیار و رەخنە و تێبینییەکانیان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.
 

زیاتر بخوێنەوە