/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتیە کۆمەڵایەتییەکانی گەرمیان کۆبووەوە

2024-09-02

رۆژی شەممە 10ی ئاب، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیکرد لە هەڤاڵ سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتییەکانی سنووری گەرمیان.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ئامادەی بوو، سەرەتا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، کورتە باسێکی لەسەر رۆڵی بەرچاوی خەڵکی نیشتمانپەروەری گەرمیان پێشکەشکردو ئاماژەی بەوەکرد گەرمیانییەکان هەمیشە نەخشی گەورە و کاریگەریان هەبووە لە شۆڕش و تێکۆشانی گەلەکەماندا و جێ دەستیان لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و تیرۆریستانی داعشدا دیاربووە، هەربۆیەش چ رژێمی بەعس و چ تیرۆریستانی داعشیش دەستیان لە خەڵک و خاکی گەرمیان نەپاراستووەوەو بەئەنفالکردن و شەهیدکردنی هەزاران رۆڵەی بەئەمەکی ناوچەکە وەڵامی خۆڕاگریی دانیشتوانەکەیان داوەتەوە، بەڵام ئەو پەلامارو تاوانانە نەک هەر نەبوونەتەهۆی خامۆشکردنی کورەی گڕگرتووی بەرگری گەرمیانییەکان، بەڵکو بووەتەمایەی ئەستوربوونی رقی پیرۆزی خەباتگێڕانی ئەو ناوچە زیندووەی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی جددی داوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی گەرمیان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ژێرخانەی ناوچەکە کە لەئاکامی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا وێران بووە و لەو بوارەدا کۆمەڵێک پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەکو پێویست و بارتەقای قوربانیدانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان خزمەت بکرێن، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمە لە کابینەی داهاتوودا زیاتر دەستی خزمەت و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە درێژبکات و ئەرکی خەڵکی ناوچەکەشە پشتیوانی لە حکومەت بکەن کە بەری رەنج و قوربانیدانی ئەوان و تێکۆشەرانی دیکەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانە.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باسکردنی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە خۆئامادەکردن و خۆسازدان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەو رووەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئامادەبووانی هاندا بۆ هاوکاری و پابەندبوون بەو پێویستیانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردانەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دیارییان دەکات، هەروەک جەختیکردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگ و بایەخدارەو دەبێت هەمووان كار بۆ سەرخستنی یەکێتی و بەرنامەو تێڕوانینەکانی یەکێتی بكەین، تا بتوانرێت زۆرترین كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكرێت و هاوسەنگی سیاسی لە هەرێم دروست بکرێتەوە و ئەو کات دەتوانرێت باشتر و زیاتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و لەنێویشیاندا خەڵکی گەرمیان بکەین.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، تیشکیخستەسەر پێگە و رۆڵی دیاری مامۆستایانی ئاینی کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخی کورد رۆڵی بنیاتنەرانەیان هەبووەو لە شۆڕش و راپەڕینەکانیشدا جێ پەنجەیان دیاربووە و لەلایەن کۆمەڵگەشەوە رێزلێگیراوبوون، هیوای خواست لەمەودواش بەهەمان روحیتەوە کار بۆ یەکڕیزی خەڵکی کوردستان بکەن و بەرەنگاری بیری تووندڕەوی ببنەوە و پشتیوانی لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکەن.
دواتر هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی، وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای ستایشکردنی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی گەرمیان، ئاماژەی بەکۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە خزمەت و ئاوەدانی لە ناوچەکە کرد.
لەکۆتایشدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، بە تێڕوانین و تێبینییەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەپێزترکرد و هەندێک داواکاریی پەیوەندیدار بە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی خستەڕوو کە لەلایەن هەڤاڵانەوە کاری پێویستیان لەسەر دەکرێت.
 

زیاتر بخوێنەوە