رۆژی شەممە 31ی ئاب، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەبارەگای ئەنجومەن، بەئامادەبوونی هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و بەڕێز دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پێشوازییکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و پیشەوەران و کەسایەتیی سەر بە چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی.
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی له رۆڵی کاسبکاران و کرێکاران و تەواوی رەنجدەرانی بازوو کرد لە شۆڕش و راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستاندا بەگشتی و لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەتایبەتی کە لەو رێگەیەدا هەزاران کەسیان خوێنی گەشی خۆیان پێشکەش بە خاک و نیشتمان کردووەو ئەوان پایەیەکی سەرەکی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
پاشان ئاماژەی بەوەکرد کە لە زۆربەی کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا، کەم و زۆر خزمەتگوزاریی پێشکەش بەخەڵک کراوەو دەستی ئاوەدانی بە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم گەیشتووە، بەڵام لەم کابینەیەی دواییدا کە یەکێتی بەشدارێکی کارا نەبووە تێیدا، پرۆسەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی سستی بەخۆیەوە بینیووە، هاوکات نەک هەر نەتوانراوە ئاسانکاریی بۆ ئیشوکاریی کاسبکاران بکرێت، بەڵکو باج و رسوماتیان لەسەر زیادکراوە، ئەوەش بووەتە مایەی ناڕەزایی و زویربوونی بەشێک لەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردەواریی. جگە لەوەش بەهۆی گرفتی کەم مووچەییەوە ئەوەندەی تر کۆسپ و لەمپەڕ بۆ کەسابەت و بازاڕ درووست بووە.
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، جەختیشیکردەوە کە بۆ نەهێشتنی ئەو ستەمەی لەسەر کاسبکاران و چینی کرێکاران بەگشتی و چین وتوێژەکانی تر هەیە، پێویستە کاری جددی بکرێت بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و هێنانەکایەی هاوسەنگیی سیاسی و حکومەتێکی گەلپەسەندی ئەوتۆ کە لەڕێیەوە جارێکی تر بگەڕێینەوە ناو خەڵک و بتوانین بەچەشنێکی شایستە خزمەتیان بکەین و ژیان و گوزەرانیان بەرەو باشتر ببەین.
باسی لەوەشکرد کە دەبیستین و دەبینین هەندێک هێرشی تووند دەکەنەسەر حکومەتی هەرێم، ئەگەرچی مافی خۆیانە بەوپەڕی ئازادییەوە رەخنە بگرن، بەڵام نابێت ئەو راستییە لەیاد بکەن کە ئەم حکومەتە بەری فیداکاریی و خوێن بەخشینی کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە دەبێت پارێزگاریی لە حکومەت بکەین و رەخنە لە دەسەڵات بگرین، بەمەبەستی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمەکەماندا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا و دابان شەدڵە باسیان لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە کەموکورتییەکانی حکومڕانی لە هەرێم کردو لەو رووەوە، رەفعەت عەبدوڵا ئەوەی خستەڕو کە تەواوی چین و توێژەکان کێشەو مەینەتییان لەگەڵ ئەم کابینەی حکومەتدا هەیەو گرفتی مووچەی بە نموونە هێنایەوە کە یەکێتی هەوڵدەدات لەڕێی بەغداوە چارەسەری بکات، بەڵام ئاستەنگی بۆ درووست دەکرێت، دابان شەدەڵەش ئاماژەی بەوەکرد بەشێکی زۆری شاندە دیپلۆماسییە نێۆدەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆیان لەئاست بارودۆخی حکومڕانی خۆمان دەردەبڕن، بۆیە پێویستە هەوڵی لێبڕاوانە بدرێت بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی هەرێم.
لەکۆتاییشدا ژمارەیەک لە کاسبکاران، بیروڕا و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بەئیشوکارەکانیان دەربڕی، هەروەک هەندێک لە کێشەو گرفتەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو و داوای چارەسەکردنیان کردو لەلایەن هەڤاڵانەوە بەڵێنیان پێدرا کە کاری پێویستیان لەسەربکرێت.