رۆژی شەممە 24ی ئاب، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەیاوەری هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی و سەرکەوت حەسەن لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی کۆمەڵایەتیی و مامۆستایانی ئاینی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی بێ شووماری خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵ و رایگەیاند: دانیشتوانی سنووری قەزای چەمچەماڵ هەمیشە سووتەمەنی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستان بوون، بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا قوربانی بێ ئەندازەیان پێشکەش بە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە و قورسایی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالیان بەرکەوتووە. وتیشی: ئەگەرچی لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمدا توانرا تاڕادەیەک دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە سنوورەکەتان، بەڵام لەم کابینەی ئێستادا نەتوانرا درێژە بەو کاروانی ئاوەدانییە بدرێت، چونکە یەکێتی وەکو هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵدا نەکرا، هەربۆیە دەبێت کاری جددی و هەوڵی بێ پەروا بدرێت بۆ ئەوەی لەڕێی شێوازەکانی دیموکراسییەوە یەکێتی جومگە گرنگەکانی دەسەڵات بگرێتەوە دەست، بەوەش دەتوانین هاوکێشەی سیاسی لە هەرێم بگۆڕین و باشتریش خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین کە ساڵانێکە بەدەست مەینەتی و قەیرانی جۆراوجۆری بێ مووچەیی و بێ کاریی و بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: دەزانین بۆشاییەکی گەورە لەنێوان دەسەڵات و خەڵکدا دروست بووەو بەشێک لە کۆمەڵانی خەڵک گلەیی و گازەندەیان هەیە و لێمان زویرن، کە مافی خۆیانە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە تەنها قسە و رەخنەگرتن دادمان نادات، پێویست بەکردار کار لەسەر گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵە بکەین و کەموکورتییەکانی حکومڕانیی چارەسەربکەین، هاوکات گەشە بەگیانی یەکڕیزیی و یەکدەنگی بدەین و رۆحی شەهیدەکانمان ئارام بکەین و ئەو دەستکەوتانە بپارێزین کە بەخوێنی گەشی ئەوان هاتوونەتەکایەوە.
پاشان، هەریەک لە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا و سەعدی ئەحمەد پیرە لە دوو وتەی کورتدا باسیان لە مەینەتییەکانی خەڵکی سنووری چەمچەماڵ کرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە یەکێتی هەوڵی زۆری داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی سنوورەکەو هەوڵی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوی شارەکەیان لە ساڵانی رابردوودا بەنموونە هێنایەوە کە حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمیی تێدا دەکردو بەدەم داواکارییەکانی یەکێتییەوە نەدەهات.
لەکۆتایشدا ژمارەیەک لە ئامادەبووان، بیروڕا و گۆشەنیگای خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی جیاجیا دەربڕی و بەشێک لە کێشە و کەموکورتییەکانی ناوچەکەیان خستەڕوو و داوای چارەسەکردنیان کرد، هەروەک لەلایەن هەڤاڵانەوە رەخنە و تێبینییەکانیان بەهەند وەرگیرا.