رۆژی شەممە 17ی ئاب، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەیاوەریی هەڤاڵ حامیدی حاجی خالید و ئامادەبوونی هەڤاڵ عومەری حاجی ئەحمەد لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی رێکخستنی شارەزوور و بەڕێر دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی 9ی شارەزوور کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کورتە باسێکی لەسەر رۆڵ و پێگەی گرنگی دانیشتووانی ناوچەکانی شارەزوورو هەورامان و پێنجوێن خستەڕوو و رایگەیاند، خەڵکی تێکۆشەری ئەو ناوچانە قوربانیی زۆرو زەوەندییان پێشکەشکردووە لەشۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستاندا، بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، هاوکات لەسەروبەندی پرۆسەی ئازادی عیراقدا، بەدەست گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دووچاری ناهەمواری و ستەمی زۆربوون، بەڵام بەهیمەتی هێزی پێشمەرگەو خەڵکی ئەو ناوچانەو گیانبازیی رۆڵەکانیان، توانرا رەگوڕیشەی تیرۆرو تیرۆریستان لەبنەوە هەڵکەندرێت و ئاسایش و ئارامیی و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە بگێڕدرێتەوە.
وتیشی: ئەگەرچی ناتوانرێت قەرەبووی ئەو زیانە گیانی و ماددی و مەعنەوییانەتان بۆ بکرێتەوە کە لەپێناو رزگارکردنی خاک و ئازادی نیشتماندا بەخشیوتانە، بەڵام خوێنی گەشی رۆڵەکانتان و رەنج و ماندووبوونتان بەفیڕۆ نەچووە، دەرەنجامەکەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەهەموو کەموکورتییەکانییەوە حکومەتی خۆتانەو پێویستە لەسەر هەمووان بەرگری لێبکەین و بیپارێزین.
ئاماژەی بەوەشکرد لەهەموو کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا، کاتێک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی راستەقینە بووە لەدەسەڵاتدا، خزمەت و ئاوەدانی باشی پێشکەش بەدانیشتووانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بەتایبەتی ناوچەکانی ئێوە کردووە.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە کاری جددی بکرێت بۆ پەرەپێدانی حکومڕانی خۆمان، ئێوە مافی خۆتانە تێبینیتان هەیەو رەخنە لەدەسەڵات دەگرن، بەڵام دەبێت لەلایەک جەخت لەپاراستنی حکومەتەکەی خۆتان بکەنەوەو لەلایەکی تریشەوە کار بۆ گۆڕانکاریی لەو دەسەڵاتەدا بکەن کە لێی ناڕازین، ئەوەش بە زەبروزەنگ ناکرێت، بەڵکو بەشێوازی دیموکراسیانە دێتەکایەوە کە خۆی لەبەشداریی کردنی بەرفراوان لەهەڵبژاردندا دەبینێتەوە، کە لە سەرەنجامدا گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و نەمانی قۆرخکاریی لەدەسەڵاتی لێ دێتەبەرهەم.
دواتر بەڕێز دابان شەدەڵە نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەوتەیەکی کورتدا باسی لەکاروبارەکانی حکومەت و کۆسپ و لەمپەڕەکانی بەردەم کارەکانیان کردو ئاماژەی بەوەکرد، کە چوار ساڵی رابردوو سەبارەت بەتیمی یەکێتی لەحکومەتدا، چوار ساڵی قورس و پڕ لە ئاستەنگ و قەیران بوو، هیوای خواست لەکابینەی داهاتوودا بتوانن زیاتر خزمەتی دانیشتووانی هەرێم بکەن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک لەکەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین پرسیاری و تێبینییان خستەڕوو و ئازادانە تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کۆی بابەتەکانی پەیوەست بەحکومڕانی لەهەرێم دەربڕی.