/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی فەرەنسا کۆبووەوە

2024-07-31
 
ئەمڕۆ هەینی 26ی تەمموز،  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندييه‌كانى فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنیەکانی ناوچەکە، ‏بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، پرۆسەی چاکسازیی و ‏یەکخستنەوەی پێشمەرگە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، تاوتوێ کران.

لە كۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێم جەختی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها ڕۆڵی هێزی فەرەنسای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاریکاریی و یارمەتیە سەربازییەکانیان، بەتایبەتیش مەشق و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە بەرز نرخاند، دواتر تیشکی خستەسەر ئەو خاڵانەی کە گرنگە بۆ پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی لەو بۆشاییە یاساییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا دروست بووە ڕزگارمان ببێت و پڕۆسەکەش لە کەش و هەوایەکی دیموکراسیانەدا بەڕێوەبچێت.

لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی، جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاریکاریە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە ‏کردەوە، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی خولی ئەکادیمی، هەروەها ‏دووپاتی کردەوە کە پاڵپشت دەبن لە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە، لەپێناو یەکخستنەوەی هێزی ‏پێشمەرگه‌دا.

زیاتر بخوێنەوە