/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم سەردانی بارەگای فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی قەرەهەنجیری دەکات

2024-07-31

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/٧/٢٣ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگەی  کرد و لە لایەن  لیوا روکن ڕێبوار، فەرماندەی فیرقە و ئەفسەرانی باڵای فیرقەوە پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگەدا، جێگری سەرۆکی هەرێم ڕۆڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی لە گشت قۆناغەکاندا بۆ پاراستن و بەرگری لە خاک و وڵاتدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت سەنگەرەکان و ئەو بنکانەی کەوا هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراوە لە ڕووی یارمەتییە لۆجستیی و پیداویستییە سەربازییەکانەوە گرنگی زیاتریان پێ بدرێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی بۆ هاوڵاتییان و ناوچەکە.

دواتر  جێگری سەرۆکی هەرێم سەردانی ئاسایشی ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکوکی کرد و بە نیگەرانییەوە باسی لە هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەم دواییەی سەر بنکەیەکی ئاسایشی ناحیەکە کرد، کە کارمەندێکی ئاسایش بە ناوی کاکە (جوامێر عه‌زیز ڕه‌شید)ی تێدا شەهید بوو و پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە نزیکەوە لە هەڤاڵانی شەهید جوامێر کرد، دووپاتی کردەوە کە هێشتا تیرۆر مەترسیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی، بۆیە دەبێت هاوپەیمانان و سوپای عێراق یارمەتیدەرێکی سەرەکی بن لە پاڵ هێزی پێشمەرگەدا، بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستان و نەهێشتنی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانەی کە ناوە ناوە دەکرێتە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

لای خۆیانەوە فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای فیرقەی دوو و بەڕێوەبەری ئاسایشی قەرەهەنجیر، سوپاسی سەردان و پشتیوانییەکانی جێگری سەرۆکی هەرێمیان بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، پاشان تیشکیان خستەسەر گرنگیی و پێویستی ئەم جۆرە سەردان و کۆبوونەوانانە بۆ تاووتوێکردنی کێشە و گیروگرفتەکانیان، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە سەردانی بەڕێزیان گڕوتینی زیاتر بە ئەفسەران و هێزی پێشمەرگە دەدات بۆ ئەوەی دڵسۆزانەتر بەرگری لە خاک و نیشتیمان بکەن.
 

زیاتر بخوێنەوە