/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازیکرد لەلێپرسراوو ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە

2024-04-28

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسان، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن پێشوازیکرد لە هەڤاڵ وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند.
لەکۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا لێپرسراوی مەڵبەند، بەناوی ئەندامان و کادیرانی مەڵبەندەوە پیرۆزبایی لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکان و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست، هاوکات کورتەیەکی لەسەر کارو چالاکییەکانی مەڵبەند خستەڕوو.
لەبەرانبەردا، لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە رۆڵی گرنگ و بەرچاوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە کرد لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و کاری رێکخراوەییدا و ئاماژەی بە پێکهاتەی مەڵبەند کرد کە ژمارەیەکی باش لە کادرانی سیاسی وسەربازی یەکێتی تێدا کۆبووەتەوە کە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی بەسەربردووە.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایەسەر قارەمانێتی و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەتایبەتی لە جەنگی دلێرانەی دژ بە تیرۆریستانی داعش کە تێیدا پێشمەرگەو فەرماندەکانی قوربانی بێ شوماریان پێشکەشکرد، لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان کە سەرەنجامەکەی بەسەرکەوتن بەسەر تیرۆریستاندا کۆتایی هات.
لێپرسراوی ئەنجومەن، جەختی لەسەر درێژەدان بەهەمان گیانی فیداکاریی و خۆڕاگریی کردەوەو، بۆ ئامادەبووانی دووپاتکردەوە کە لەهەر پێگەو پۆستێکدا بێت پاڵپشتی هەڤاڵەکانێتی لە مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و درێغی ناکات لە پشتیوانیکردنیان.
 

زیاتر بخوێنەوە