/   ی.ن.ک

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی دەکات

2024-03-31

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئادار، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال.

لەکۆبوونەوەیەکدا تاووتوێی دۆخی ئێستای یەکێتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. 

سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەکێتی، هەڵسەنگاندن بۆ رێکخستنەوەو گۆڕانکارییەکانی ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەپێی بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم کراو پەرۆشی و هەستی بەپرسیارێتی بەرپرسان و کادرانی یەکێتی لەهەموو رێکخستن و ئۆرگانەکاندا بۆ خۆنوێکردنەوەو باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەرز نرخێندرا، بەجۆرێک کە ئەو تەبایی و یەکڕیزییەی ئێستای ناو ریزەکانی یەکێتی  هەیە، پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی جەخت لەهەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە، کە هەم لەلایەن خەڵک و هەم لەلایەن چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە شایەدی لەسەر پاکی و بێگەردییەکەی بدرێت.

لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال هیواشیخواست هەموو لایەنەکان هەستیایری قۆناغەکەو گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگرن و دواکەوتنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بەحکومڕانی دەگەیەنێت.

دواتر باسی پرسی مووچە کراو هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کەدەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەو گرفتە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
 

زیاتر بخوێنەوە