/   ی.ن.ک

سەرۆکی یەکێتی پێشوازیکرد لە کونسوڵی نوێی بریتانیا لەهەرێمی کوردستان

2024-07-05

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی نوێی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکەی، پشتیوانیی یەکێتیشی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە و هیواشی خواست ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان.

لە درێژەی دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ تاوتوێکران، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و هەوڵی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵک و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر، رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەتایبەت لاوان و هاندانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو، لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بە بیانووی جیاواز، هەرێمەکەمان پێویستی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە تاوەکو ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان.

سەرۆک بافڵ روونیشیکردەوە، هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە دووربێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە دەنگی خەڵکەوە، بۆیە چاوەڕوانیی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر سەنگی هەرێمەکەمان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لەبارەی کەرکوک و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان، سەرۆک بافڵ هەڵوێستی یەکێتیی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکە پەرۆشین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و دیاریکردنی پارێزگارێک کە ببێتە مایەی قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی بەبێ جیاوازی، بۆ ئەمەش لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین و هیوادارین لەزووترین کاتدا بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی و لەخزمەت کەرکوکییە خۆشەویستەکاندا بین.

 

زیاتر بخوێنەوە