/   ی.ن.ک

جێگری سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شاندێكی سەربازیی ئەمریكی كۆبووەوە

2024-06-09
 
رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٤/٦/٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان جەنەڕاڵ مایك ئیكەر، بەرپرسی گروپی ڕاوێژكاری سەربازیی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژ بە داعش و كۆڵۆنێڵ ماكنزی و شاندێكی یاوەریان كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەركەكەیان سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.

لە دیدارەكەدا بەڕێز جێگری سەرۆك، سوپاس و ستایشی هێزەكانی ئەمەریكای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەكەدا كرد، دواتر جەختی لە گرنگی و هەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانان كردەوە، چونكە بەڕێزیان پێیوابوو تیرۆر و بیری توندڕەوی هێشتا مەترسیە بۆ سەر ناوچەكە، هەروەها پەیوەندی بەهێزی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بە كلیلی چارەسەری كێشەكان زانی، هیوای خواست لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەل و نیشتیمان، لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا كێشەكان بە كۆتا بێت.

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی هاوكاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد و جەختیان لە بەردەوامبوون و برەودانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاكسازیی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان ڕوانی، لەپێناو ئارامیی و سەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەكە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا، بەڕێز جێگری سەرۆك سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە بەڕێز جەنەڕاڵ مایك ئیكەر كرد، بە مەبەستی تەواو بوونی ئەركەكەی و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوودا بۆ خواست.
 

زیاتر بخوێنەوە